تورکیا یاسای دژە-چەواشەکاری بۆ دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسانی دژە دەسەڵات بەکاردەهێنێت
تورکیا لە ڕێگەی بەکارهێنانی (ماددەی 217/Aی یاسای سزادان) کە بە"دژە-چەواشەکاری"ناسراوە، شەپۆلێکی نوێی دەستبەسەرکردن و لێپێچینەوەی دژی ڕۆژنامەنووسان و دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان دەست پێ کردووە.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی(بێرگون)ی تورکی، بە بەکارهێنانی ماددەی "دژە- چەواشەکاری" لە یاسای سزادان، هەردوو ڕۆژنامەنوس، عەلی تاراکچی و ئیسماعیل ئاری، دەستگیرکراون، بڕیاری زیندانیکردنیان تاکاتی دادگایی کردن بۆدەرچووە.
ڕۆژنامە تورکییەکە ئاماژەی بەوەکردووە، هەردوو ڕۆژنامەنوس ئیسماعیل ئاری، ڕۆژنامەنوسی ڕۆژنامەی بێرگون، بەهۆی بڵاوکردنەوەی ڕاپۆرتێکی لێکۆڵینەوە لەسەر کارەکانی دەسەڵات، عەلی تاراکچی، بەهۆی بڵاوکردنەوەی پۆستێك لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس، لەلایەن دادگاکانی تورکیا بە تۆمەتی "بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناراست" فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرکراوە.
لە کاتێکدا حکومەتی تورکیا ڕایگەیاندووە، ئامانجی لەم یاسایە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی و کۆمەڵگەی تورکیە لە هەواڵی ناڕاست و چەواشەکاری، بەڵام لایەنە داکۆکیکارەکان لە ئازادیی رۆژنامەگەری جەخت لەوە دەکەنەوە کە یاساکە بە شێوازێکی زۆر لێڵ و بە مەبەستی سەرکوتکردنی دەنگە ڕەخنەگرەکان، ڕەخنە گرتن لە دەسەڵات، و پهكخستنی بەدواداچوونی ڕۆژنامەوانی لەسەر قەیرانەکان بەکار دەهێنرێت.
دوای دەستگیرکردنی ڕۆژنامەنوسان و زیادبوونی ناڕەزایەتییەکان دژی ئەو یاسایە، کۆمیتەی پاراستنی ڕۆژنامەنووسان (CPJ) و فیدراسیۆنی ڕۆژنامەنووسان، هۆشداریی دەدەن لەوەی بەکارهێنانی دادگاکان وەک ئامرازێک بۆ بێدەنگکردنی ڕۆژنامەنووسان، ژینگەیەکی ترسناک و خۆسانسۆرکردن لەناو دەزگاکانی ڕاگەیاندندا دروست دەکات، داوا لە دەسەڵاتدارانی تورکیا دەکەن دەستبەجێ ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکان ئازاد بکەن.
ئهم بابهته 20
جار خوێنراوهتهوه
PM:06:56:27/10/2026