هێرش دەکرێتە سەر سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران
دوای لێدوانێکی ڕۆژنامەوانی دەربارەی بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، سوکایەتی و بێڕێزی بەرامبەر سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران دەکرێت.
هۆزان قادر، سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران ڕایگەیاند، دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی کە تێیدا شۆفێرێك بە ئۆتۆمبێل بەسەر دارێك دا هەڵدەگەڕێت، لە لێدوانێكی ڕۆژنامەوانیدا داوام کردووە ئەنجامدەرانی ئەوکارە داوای لێبوردن لە ڕۆژنامەنوسان بکەن، لەبەر ئەوەی لەکاتی بڵاوبونەوەی ئەو گرتەیە دا سوکایەتیان بە ڕۆژنامەنوسان کردووە.
سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران ئەوەی خستەڕوو، دوای ئەو لێدوانە لەلایەن چەند کەسێکی دیاری نێو تۆڕی کۆمەڵایەتی تیك تۆک لە لایڤێکدا، سوکایەتی و بێڕێزیم بەرامبەر کراوە.
ئەو ڕۆژنامەنوسە وتیشی، دەزگا ئەمنییەکانم ئاگادار کردۆتەوە، ئەو سوکایەتی پێکردنە بەردەوام بێت سکاڵای یاسایی تۆماردەکەم، تا چیدیکە سوکایەتی بە من و هیچ ڕۆژنامەنوسێکی تر نەکرێت.
دوای ئەو هێرش کردنە ڕۆژنامەنوسانی هەولێر لە بەیاننامەیەک دا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و سووکایەتی و هەڕەشانە دەکەن کە لەم دواییانەدا لەلایەن ژمارەیەک کەس و خاوەن پێشانگای ئۆتۆمبێلەوە ئاڕاستەی ڕۆژنامەنووسان و بە تایبەت (هۆزان قادر) سەرۆکی ڕێکخراوی پەیامنێران کراوە.
لە بەیاننامەکەدا ڕۆژنامەنوسانی هەولێر داوا لە سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان و دەزگا ئەمنییەکانی پارێزگای هەولێر دەکەن، سنوورێک بۆ ئەم جۆرە ڕەفتارانە دابنێن و سزادانی یاساییانەی سەرپێچیکاران بگرنە بەر.
ئهم بابهته 164
جار خوێنراوهتهوه
PM:10:54:25/10/2026