لە خۆپیشاندانەکەی بەغداد ڕێکاری توند بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان گیرایەبەر
ئەمڕۆ ٢٥ی تشرینی یەکەم، لەکاتی بەڕێوەچوونی خۆپیشاندان لە شاری بەغداد، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێکاری ئەمنی توند بەرامبەر ڕۆژنامەنوسان و خۆپیشاندەران لە گۆڕەپانی تەحریر گیرایەبەر، ئەمەش ناڕەزایەتی و نیگەرانی بەرفراوانی خۆپیشاندەرانی لێکەوتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی دەزگای میدیایی (المدا)، ڕێگری لە بەکارهێنانی پێداویستییە ڕۆژنامەوانیەکان و بەکارهێنانی کامێرای کەسی، بڵندۆگ، پۆستەر و دروشمی ناڕەزایەتی کراوە.
میدیاکە ئاشکرای کردووە، لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە ڕێگری لەو خۆپیشاندەرانەکە کراوە کە ڕوخساریان داپۆشیوە، بەکارهێنانی چەرخ و کەلوپەلی ئاگر کردنەوەیان قەدەغە کردووە.
توندکردنەوەی ڕێکارە ئەمنیەکان لە گۆڕەپانی تەحریر ناڕەزایەتی لێکەوتەوە، چاودێران ئاماژە بەوە دەکەن، ئەم ڕێکارانە هەوڵێکە بۆ بەرتەسککردنەوەی ڕووماڵی میدیایی و کۆنترۆڵکردنی دەنگی ناڕەزایەتییەکانی شەقام.
خۆپیشاندەکانەکی ئەمڕۆی بەغداد بۆ یادکردنەوەی خۆپیشاندانەکانی تشرینی یەکەم (بزووتنەوەی تشرینی ٢٠١٩) ئەنجامدرا، ڕاپەڕینی تشرینی ٢٠١٩، گەورەترین بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی هاوچەرخی عێراقە، کە تێیدا گەنجان لەژێر درووشمی "نیشتمانمان دەوێت" داوای ڕووخاندنی سیستەمی گەندەڵ و پشکپشکێنەیان دەکرد؛ سەرەڕای سەرکوتکردنی توند و کوژرانی زیاتر لە ٦٠٠ هاووڵاتی و خۆپیشاندەر، ڕاپەڕینەکە توانی حکومەتی ئەوکات بە سەرۆکایەتی عادل عەبدولمەهدی ناچار ە دەستلەکارکێشانەوە بکات و هاوکێشە سیاسییەکان بگۆڕێت.
ئهم بابهته 72
جار خوێنراوهتهوه
PM:09:11:25/10/2026