وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office)، لە نوێترین راپۆرتی بڵاوکراوەیدا، هەڵسەنگاندنێکی وردی بۆ رەوشی سیاسی، ئازادیی رادەربڕین، خۆپیشاندانەکان و رەوشی رۆژنامەنوسانی لە هەرێمی کوردستان کردووە، ئاماژەی بەوەکردووە، پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) لە هەولێرو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (PUK) لە سلێمانی ماوەیەكی درێژە هەژموونیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا كردووەو هێشتا دوو هێزی كاریگەرو سەرەكین لە هەرێمی كوردستان.
ڕاپۆرتەکە ئەوەی خستۆتەڕوو، رۆژنامەنوسان ومیدیاکاران لە هەرێمی کوردستان، لەکاتی ڕوماڵ کردنی پرسەکانی گەندەڵی وحکومڕانی ڕەنگە دوچاری گرتن و ئازاردان ببنەوە، لە نێوان ساڵانی ٢٠٢٤ بۆ ٢٠٢٦ چەندین ڕۆژنامەنوس دوچاری دەستبەسەر کردن و هەڕەشەلێکردن بوونەتەوە.
ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا باس لە کەیسی ڕۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری دەکات، دەڵێت، لە هەرێمی کوردستان، خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" و "سزا" بۆ سزادان یان ڕاگرتنی رۆژنامەنووسان بەکاردێنن، وەك کەیسی ڕۆژنامەنوسان شێروان شیروانی و قارەمان شوکری، کە بۆتە جێی سەرنجی ڕێکخراوە نێودەوڵەتیەکان .
دەقی ڕاپۆرتەکەی وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا لەسەر هەرێمی كوردستان بەمشێوەیە:
وەزارەتی ناوخۆی بەریتانیا (Home Office)، لە نوێترین راپۆرتی بڵاوکراوەیدا، هەڵسەنگاندنێکی ورد بۆ رەوشی سیاسی، ئازادیی رادەربڕین، خۆپیشاندانەکان و رەوشی رۆژنامەنوسانی لە هەرێمی کوردستان کردووە.
راپۆرتەکە وەک بنەمایەکی فەرمی بۆ بڕیاردان لەسەر کەیسەکانی پەنابەری و مافی پەنابەریی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان لە بەریتانیا بەکاردەهێنرێت.
لە راپۆرتەكەدا هاتووە، هەرێمی کوردستان وەک هەرێمێکی نیمچە سەربەخۆ پێناسکراوە کە خاوەنی سەرۆکایەتی، سەرۆک وەزیران، کابینە و پەرلەمانی خۆیەتی، بەڵام لە چوارچێوەی دەستوری عێراقی فیدراڵدا کاردەکات، پارتی دیموکراتی کوردستان (KDP) لە هەولێرو یەکێتی نیشتمانیی کوردستان (PUK) لە سلێمانی ماوەیەكی درێژە هەژموونیان بەسەر دەسەڵاتی سیاسیدا كردووەو هێشتا دوو هێزی كاریگەرو سەرەكین لە هەرێمی كوردستان.
بەڵگەی بەردەستەكان ئاماژە بەوە دەکات، بوونی ئۆپۆزسیۆنی سیاسی لە هەرێمی کوردستانی عێراق بەردەوامە، پارتەکانی ئۆپۆزسیۆن بەشداری هەڵبژاردن دەکەن و کورسی پەرلەمانیان بەدەستەوەیەو مافی ئەوەیان هەیە بە ئاشکرا رەخنە لە پارتە دەسەڵاتدارەکان بگرن، بەڵام سەرچاوەکان باس لەوە دەکەن، سیاسەتمەداران و چالاکوانانی ئۆپۆزسیۆن ناوبەناو روبەڕوی هەراسانکردن و دەستگیرکردن و لە هەندێک حاڵەتدا دەستدرێژی جەستەیی دەبنەوە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە.
لە ساڵی 2025دا چەندین کەسایەتیی دیاری ئۆپۆزسیۆن دەستگیرکراون یان روبەڕوی دادگا کراونەتەوە، لەوانە (لاهور شێخ جەنگی لە بەرەی گەل، شاسوار عەبدولواحید لە جوڵانەوەی نەوەی نوێ، و ئارام قادر لە هاوپەیمانیی نیشتمانی)، لە کاتێکدا دەسەڵاتداران جەختیان لەوە کردووەتەوە کە رێکارەکان لەسەر بنەمای تاوانکاری یان ئاسایش بوون، لایەنگرانیان جەختیان کردووەتەوە کە رێکارەکان سیاسی بوون.
هەرچەندە ئازادیی کۆبوونەوە بە فەرمی دانی پێدابنراوە، بەڵام خۆپیشاندانەکان لەسەر خزمەتگوزاری، مووچە و گەندەڵی، هەندێکجار قەدەغەدەكرێن یان روبەڕوی بەکارهێنانی توندوتیژی و دەستبەسەرکردن بوونەتەوە.
رۆژنامەنووسان و میدیاكاران لە هەرێمی کوردستانی عێراق، بەتایبەت ئەوانەی رووماڵی پرسەکانی وەک گەندەڵی، حوکمڕانی، مافی مرۆڤ و ناڕەزایەتیەكان دەکەن، رەنگە روبەڕوی تۆقاندن و هەڕەشە و هەراسانکردن و دەستبەسەرکردنی ستەمكارانە و دەستدرێژی جەستەیی و لێپێچینەوەی یاسایی و سنوردارکردنی چالاکییە رۆژنامەوانییەکانیان ببنەوە.
لە نێوان ساڵانی 2024 بۆ 2026، چەندین رووداو تۆمارکراون، لەوانە دەستبەسەرکردنی رۆژنامەنووسان لە کاتێکدا کە رووماڵی ناڕەزایەتی یان رووداوە هەستیارە سیاسییەكانیان كردووە، هێرشکردنە سەریان لەلایەن دەزگا ئەمنیەكان و هەڕەشە لێكردنیان لە دوای بڵاوبوونەوەی راپۆرتە رەخنەگرەكانیان و لێپێچینەوەی یاسایی بەهۆی کارەکانیان.
دەسەڵاتداران و کەسایەتییە کاریگەرەکان، یاساکانی وەک "خراپبەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندیکردن" و "سزا" بۆ سزادان یان ڕاگرتنی رۆژنامەنووسان بەکاردێنن، هەروەها ئاماژە بە کەیسەکانی رۆژنامەنوسان شێروان شێروانی و قارەمان شوکری کراوە، وەک نمونەی جێی سەرنجی رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان.
لە بەشێكی تری راپۆرتەكەدا ئاماژە بەوەكراوە، هەردوو حزب خاوەنی تۆڕێكی بەرفراوانی مەحسوبیەتن و کاریگەرییان بەسەر دامەزراوە سیاسی، ئابوری، ئەمنی، راگەیاندن و گشتییەکاندا هەیە.
لە بابەتی پەكخستنی پەرلەمان و پێكنەهێنانی حكومەتیشدا دەڵێت، ئاماژە بە هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی کوردستان کراوە كە لە مانگی تشرینی یەكەمی ساڵی 2024دا ئەنجامدراوە، تێیدا پارتی 39 کورسی و یەکێتی 23 کورسییان بەدەستهێناوە، بەگوێرەی راپۆرتەکە، ناکۆکی و ململانێی نێوان ئەم دوو حزبە دوای هەڵبژاردنەکان بووەتە هۆی بەردەوامیی چەقبەستوویی سیاسی و دواکەوتنی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت.
راپۆرتەکە ئاماژە بە جیاوازیی نێوان ناوچەکانی (زۆنەكان)ی ژێر دەسەڵاتی پارتی و یەکێتی دەکات؛ لە ناوچەکانی پارتی خۆپیشاندان بەبێ مۆڵەتی پێشوەختە زیاتر سەركوت دەکرێت، لە کاتێکدا لە ناوچەکانی یەکێتی زیاتر ڕێگەی پێدەدرێت بەڵام لە حاڵەتی بەردەوامبووندا بڵاوەیان پێدەکرێت.