پۆلیسی کینیا ڕۆژنامەنووسێک لە کاتی ڕووماڵدا دەستگیردەکات

‌

ڕۆژی ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییەکان لە ناوەڕاستی شاری نایرۆبیی پایتەختی کینیا، هێزە ئەمنییەکان ئۆدی فرانسیس ڕۆژنامەنووسی کەناڵی تەلەڤزیۆنی (Citizen TV)یان دەستگیر کرد.

بەپێی ڕاپۆرتێکی تۆڕی هەواڵی (Africa News)، ناوبراو لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکی پیشەیی و ڕووماڵکردنی مەیدانیدا لەلایەن هێزەکانی پۆلیسەوە دەستگیرکراوە، ئەمەش کاردانەوەی توندی ڕێکخراوەکانی ڕاگەیاندن وداکۆکیکاران لە ئازادیی ڕۆژنامەگەریی لێ کەوتەوە.

لە بەرامبەر ئەم پێشێلکارییەدا، دەستەی سەربەخۆی چاودێری پۆلیس لە کینیا (IPOA) ڕایگەیاند، کە لێکۆڵینەوەیەکی فەرمییان لەسەر ڕەفتاری ئەو ئەفسەرە پۆلیسانە دەست پێ کردووە کە بەشدار بوون لە دەستگیرکردن و ڕێگریکردن لەو ڕۆژنامەنووسە، و جەختیان لەوە کردەوە کە پاراستنی سەلامەتیی کارمەندانی ڕاگەیاندن لە کاتی بەجێگەیاندنی ئەرکەکانیاندا پێویستە پارێزراو بێت.
ئۆدی فرانسیس، یەکێکە لە ڕۆژنامەنووس و پەیامنێرە مەیدانییە دیارەکانی تۆڕی ڕاگەیاندنی (Citizen TV) کە یەکێکە لە گەورەترین و کاریگەرترین کەناڵە تەلەڤزیۆنییەکان لە وڵاتی کینیا و ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ئەفریقا.




ئه‌م بابه‌ته 84 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:05:00:22/10/2026