دوێنێ ٢٠ی تشرینی یەکەم، لە پێناو هەماهەنگیی زیاتر و بەیەکەوەبەستنی تواناکان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دیاردەی توندوتیژی دژی ژنان، ڕ شاندێکی تۆڕی ٨ی مارس، سەردانی بنکەی سەرەکیی ماڵپەڕی «سپی میدیا» و «ڕێکخراوی جاسەنە»یان کرد.
شاندی هەڵمەتەکە پێکهاتبوون لە چالاکوانان (بەهار مونزیر، دڵسۆز زەنگەنە، ئاڵا کەمال، سۆزان حەسەن، و کەژاڵ عەبدولقادر). لە ناوەندی سەردانەکەیاندا، لەلایەن شوان محەمەد (سەرنووسەری ماڵپەڕی سپی میدیا)، ژیمان عەبدولڕەحمان، ئەڤین نەسرین، د. کامیل عومەر (لە بۆردی ڕێکخراوی جاسەنە) و ئەنوەر ئەحمەد (ڕۆژنامەنووس لە سپی میدیا) پێشوازییان لێکرا.
لە کۆبوونەوەیەکەدا، ئەندامانی هەڵمەتەکە دیدگا، ئامانجەکان و پەیامی سەرەکیی هەڵمەتەکەیان خستەڕوو، هەروەها پێشنیاری ئەنجامدانی کاری میدیایی هاوبەشیان ئاڕاستەی سپی میدیا کرد بە مەبەستی هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و ڕەخساندنی کارپێکردنی ڕاگەیاندن بۆ بنبڕکردنی دیاردەی کوشتن و خۆسوتاندنی ژنان.
لە بەرامبەردا، هەردوو لا جەختیان لەسەر گرنگیی هەماهەنگیی بەردەوام و سەرپەرشتیکردنی هەوڵەکان کردەوە، تا بتوانرێت ڕاگەیاندن بخرێتە خزمەت بەرگرتن لە توندوتیژیی خێزانی و پاراستنی مافەکانی ژنان.