دەستەبەری کۆمەڵایەتی بۆ ڕۆژنامەنوسان جێبەجێ دەکرێت

‌

ئەمڕۆ دووشەمە ١٩ـی تشرینی یەكەمی ٢٠٢٦، كوێستان محەمەد وەزیری كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دوای ئەو هاوئاهەنگییەی لە نێوان سەندیكای ڕۆژنامەنووسانی كوردستان و وەزارەتی كار و كاروباری كۆمەڵایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دراوە، بە وەرگرتنی بۆچوونی ئەنجوومەنی شوورا لە هەرێمی كوردستان، بەپێی یاسای خانەنشینی و دەستەبەری كۆمەڵایەتی و هەروەها یاسای كاری ڕۆژنامەنووسان لە كوردستاندا، پێویستە هەموو ڕۆژنامەنووسێك كە لە دەزگایەكی میدیاییدا كار بكات، دەستەبەری كۆمەڵایەتیی بۆ بكرێت.

وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وتی، ئەم دەستەبەری كۆمەڵایەتییە ئەو كارمەندانەی دەزگا میدیاییەكان ناگرێتەوە كە لە هەمان كاتدا كارمەندی دەزگای میدیایی بێت و فەرمانبەری حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بێت، چونكە بەپێی یاسای خانەنشینی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە لێبڕینێكیان هەیە كە ئەم لێبڕینە بۆ گلدانەوەی خانەنشینی دەبێت، بەڵام جگە لەم بابەتە، هەموو كارمەندانی تر دەگرێتەوە، لیژنەیەكی كارگێڕیش بۆ ئەم مەبەستە دروست دەكرێت كە بریكاری وەزارەتی كاروباری كۆمەڵایەتی سەرپەرشتی دەكات.

لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانیەکە دا ئازاد حەمەئەمین نەقیبی ڕۆژنامەنووسانی كوردستان، وتی،  جگە لەم بابەتە، دوای ئەوەی ڕای ئەنجوومەنی شوورای هەرێمی كوردستان وەرگیراوە كە وەك فتوایەك وایە تایبەت بە بابەتی دەستەبەری كۆمەڵایەتی، ئەو ڕۆژنامەنووسانەی كە لە دەزگا میدیاییەكاندا كار دەكەن، پێویستە هەم گرێبەستی كاركردنیان هەبێت و هەمیش دەستەبەری كۆمەڵایەتییان بۆ بكرێت، بەداخەوە ئێستە ژمارەیەكی زۆری دەزگا میدیاییەكان كار بە ڕۆژنامەنووسان دەكەن و هیچ گرێبەستێكیان بۆ ناكەن.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنوسانی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، كە ئێستە لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی، لەسەر هێڵن بە مەبەستی وەرگرتنی زەوی بۆ ئەو ڕۆژنامەنووسانەی لە كوردستان خزمەتیان لە هەشت ساڵ زیاترە، ژمارەیان 1800 ڕۆژنامەنووسە.






ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:04:51:19/10/2026