تەنها لە سێ دانیشتنی دادگایی کردنی گیراوانی لالەزار میدیاکان ئامادەبوون
ئەمڕۆ دانیشتنێکی دیکە و دوایین دانیشتنی دۆسیەی لاهوور شێخ جەنگی و 11 هاوڕێی دیکەی بە مادەی 56ـی سزا کۆتاییهات، دادوەر لاهوور شێخ جەنگی و نۆ لە گیراوانی لالەزاری حکوم دا دوو لە گیراوانیش بێ تاوان دەرچوون.
دادوەرانی دۆسیەکە، لاهوور شێخ جەنگییان بە 5 ساڵ و 3 مانگ زیندانیکردن سزا دا. هەروەها پۆڵاد شێخ جەنگی بە 3 ساڵ و 6 مانگ و رێبوار حامید حاجی غالی بە دوو ساڵ بە "توندی" سزا دران.
دوو لەو کەسانەی تۆمەتباربوون، لەو مادەیەدا ئازاد کران، کە ناویان عومەر شێخە، پاسەوان و کەیوان محەممەد بوو. رێنوار زینوار، رێبوار قودرەت یەکی بە دوو ساڵ و شەش مانگ حوکم دران.
بە پێی زانیاریەکانی ماڵپەڕی جاسەنە، لە کۆی ٨ دانیشتنی دادگایی کردنی دەستگیرکراوانی لالەزار تەنها لە سێ دانیشتنی دادگا ڕێگە بە ئامادە بوونی میدیاکان دراوە. ئەو میدیاکارانەی ئامادەبوون، نوێنەرایەتی بەشێکی کەمی میدیاکانی کوردستان دەکەن.
لە کاتێک دا بەپێی یاسای ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی کوردستان، ڕاگەیاندکاران دەتوانن ئامادەی دانیشتنە گشتییەکان بن.بەپێی بنەما گشتییەکانی دادبینی دانیشتنەکانی دادگا لە بنەڕەتدا ئاشکران، بۆ بەدیهێنانی دادوەری، دەزگاکانی ڕاگەیاندن و هاوڵاتیان دەتوانن ئامادەی دانیشتنەکانی دادگا بن.
رۆژی 22-08-2025ـدا، دوای رازی نەبوونی لاهوور شێخ جەنگی بەوەی خۆی رادەست بکات، هێزە ئەمنییەکانی سلێمانی هێرشیان کردە سەر هۆتێلی لالەزار. دوای 3 کاژێر رووبەڕووبوونەوە، لاهوور شێخ جەنگی، پۆڵادی برای و ئەندامانی هێزەکەی دەستگیر کران.
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
AM:11:02:16/10/2026