یەكێك لەكەناڵە پڕبینەرەكانی توركیا قەیوم كرا

‌

تەلەڤزیۆنی (خەڵك تی ڤی)، كە تەلەڤزیۆنێكی بێلایەن بوو و وەكوو ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشان دەدا، لەلایەن وەزارەتی ناوەخۆی توركیاوە هەڵكوترایە سەری و جیا لەوەی پەخشی تەلەڤزیۆنەكە وەستێنرا، قەیومیشی لەسەر دانرا و جەعفەر ماهیرئۆغڵوش، بەڕێوەبەری كەناڵەكە لەلایەن پۆلیسەوە دەستبەسەر كرا.

كەناڵی (خەڵك)، بینەرێكی زۆری لە توركیا هەبوو، زۆربەی بەرنامە و راپۆرتەكانی دژی حكوومەتی توركیا بوو، بەردەوام باسی لە تاكڕەوی رەجەب تەییب ئەردۆغان، سەركۆماری توركیا دەكرد، بەڵام كەناڵەكە قەیوم كرا و ئیدی حكوومەت بۆ خۆی كەسێك دەكاتە بەڕێوەبەری كەناڵەكە.

داواكاری گشتی ئیستانبۆڵ بڵاوی كردەوە، لەسەر داوای ئەوان كەناڵەكە قەیوم كراوە، چونكە بەڕێوەبەری ئەو كەناڵە رەشوەی وەرگرتووە و هەروەها پێگەی خۆی بۆ كاری خراپ بەكارهێناوە، بۆیە قەیوم كراوە.

بەگوێرەی ئەو راگەیێنراوە بێت كە داواكاری گشتی بڵاوی كردووەتەوە، بەڕێوەبەری ئەو كەناڵە ١٤ ملیۆن و ٤٦٤ هەزار لیرەی وەكوو رەشوە وەرگرتووە، بۆیە هەڵیانكوتاوەتە سەری.

لەو ئۆپەڕاسیۆنەی دژی ئەو كەناڵە كراوە، داوا كراوە ١٧ كەس دەستبەسەر بكرێت، بەڵام تاوەكوو ئێستا ١١یان دەستبەسەر كراوە و وەكوو ئەوەی داواكاری گشتی بڵاوی كردووەتەوە، ئەوانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرێت.

سیاسییەكانی توركیا لەسەر هەڵكوتانە سەر تەلەڤزیۆنی خەڵك و قەیومكردنی ئەو كەناڵە هاتنە دەنگ و بەپێشێلی ئازادی تاك و پێشێلی مافی چاپەمەنی ناویان بردووە.

كەناڵی تەلەڤزیۆنی خەڵك، لە ١٠ی ١ی ٢٠٠٥ دەستی بەپەخش كرد، بینەرێكی یەكجار زۆری هەبوو و تەلەڤزیۆنەكەش ١٠٠٪ سیاسییە و وەكوو ئۆپۆزسیۆن خۆی نیشان دەدات، بەڵام راپۆرت و بەدواداچوونەكانی ئەو كەناڵە نیشانی دەدا، لە پارتی نوێ و ئۆزگوور ئۆزەلەوە نزیكە.

پاشکۆ و مێژووی داخرانی میدیاکان لە تورکیا دەگەڕێتەوە بۆ دوای هەوڵی کودەتاکەی ساڵی ٢٠١٦ و بەکارهێنانی یاسای باری لەناکاو، کە تێیدا حکوومەتی تورکیا لە ڕێگەی بڕیارنامەی فریاگوزارییەوە هەڵمەتێکی فراوانی ئەنجام دا و زیاتر لە ١٣٠ دەزگای میدیایی داخست یان دەستی بەسەردا گرت، لەوانە زیاتر لە ١٦ کەناڵی تەلەفزیۆنی، نزیکەی ٢٣ ئێستگەی ڕادیۆ، زیاتر لە ٤٥ ڕۆژنامە وەک ڕۆژنامەی ناوداری Zaman و ١٥ گۆڤار، ٣ ئاژانسی هەواڵی سەرەکی، و نزیکەی ٢٩ دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە.



ئه‌م بابه‌ته 104 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:16:15/10/2026