بەریتانیا... دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس ناڕەزایەتی لێدەکەوێتەوە…

‌

دەستگیرکردنی ژمارەیەک ڕۆژنامەنووس لە کاتی ڕووماڵکردنی خۆپیشاندانەکانی شاری لێستەری بەریتانیا، ناڕەزایەتیی ڕێکخراوەکانی بەرگری لە ئازادیی ڕۆژنامەگەری لێکەوتەوە.

ڕۆژی پێنجشەممە، ٨ی تشرینی یەکەم، لە کاتی ڕووماڵی خۆپیشاندانی چالاکوانانی پشتیوانی فەلەستین لە شاری لێستەری بەریتانیا، ٥ ڕۆژنامەنووس و فۆتۆگرافەر لەلایەن پۆلیسی شارەکەوە دەستگیرکران.

سەندیکای نیشتمانیی ڕۆژنامەنووسان (NUJ)، لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاندووە: ئەو ڕۆژنامەنووسانە لەگەڵ بەشێک لە ڕێکخەرانی خۆپیشاندانەکە، بەپێی یاسای دژە-تێرۆری ساڵی ٢٠٠٠ دەستگیرکراون.

سەندیکاکە ئاماژەی بەوە کردووە، کە دەستگیرکردنی ئەو ڕۆژنامەنووسانە زەنگێکی مەترسیدارە بۆ سەر ئازادیی ڕاگەیاندن و بەرتەسککردنەوەی کاری ڕۆژنامەوانی لە وڵاتەکەدا.

بەپێی هەواڵێکی میدیای ناوخۆیی (Leicester Media)ی بەریتانی، پۆلیسی لێستەر -بەبێ ئاشکراکردنی ناسنامەکانیان- دوای پشکنینی پێناسی فەرمیی کاری ڕۆژنامەوانییان، ژمارەیەک لە ڕۆژنامەنووسە دەستگیرکراوەکانی ئازاد کردووە. 




ئه‌م بابه‌ته 240 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


AM:11:15:10/10/2026