تورکیا لەسەر پۆستێکی ئێکس ڕۆژنامەنوسێکی دەستگیر کرد

‌

لە شەوی ٢٦ی ئەیلولدا، بە تۆمەتی بڵاوکردنەوەی زانیاریی ناڕاست، دادگای ئەنقەرە فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ ڕۆژنامەنوس "عەلی تاراکچی" دەرکرد.
بەپێی هەواڵێکی ڕۆژنامەی (بێرگون)ی تورکی، تاراکچی لە ڕۆژی ٢٦ی ئەیلولدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، لە بابەتێکدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە وەزیرێکی گرنگی حکومەت دەست لەکار دەکێشێتەوە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دوای بڵاوکردنەوەی ئەو هەواڵە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ تاراکچی دەرچووە و لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەست بەسەر کەلوپەلە دیجیتاڵییەکانیدا گیراوە و دەستگیر کراوە.

میدیاکانی تورکیا بڵاویاکردەوە کە دادگا بڕیاری زیندانیکردنی تا کاتی دادگاییکردنی بۆ دەرکردووە، هەروەها تەواوی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لە ناوخۆی تورکیا دا بلۆک کراون.

عەلی تاراکچی ڕۆژنامەنوسی تورك، وەک نووسەر و پێشکەشکار لە چەندین کەناڵی تەلەڤزیۆنی تورکیا کاری کردووە، لە رێگەی هەژمارەکانی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بەرنامەکانی لە یوتیوب بە زانیاری و شرۆڤەی پشتپەردەی سیاسی دەناسرێت.



ئه‌م بابه‌ته 188 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:12:20:08/10/2026