کاسە بشکێ نەک بزڕێ..
بڵاوکردنەوەی ناوی سیانی و وێنەی تۆمەتبار لە نێوان "شکۆی مریشک" و شکۆی مرۆڤدا
ئەرسەلان ڕەحمان
بیرتانە کەناڵێک ڕاپۆرتی لەسەر مریشکی کێڵگەکان کردبوو، سەروملی مریشکەکانی بلەر کردبوو، بە حسابی خۆیان بۆ ئەوەی نەناسرێنەوە و پێشکەشکاری بەرنامەکەش ناو بەناو ئەیوت ئەمە لە بەر خاتری "شکۆی مریشکەکانە" – (بێ ئاگا لەوەی شکۆ هەر بۆ مرۆڤە)-، ئەمڕۆ هەر ئەو کەناڵە وێنەی ڕووخساری مرۆڤێکی ڕاگیراوی بڵاوکردەوە، بەر لەوەی دادگایی کرابێت و تۆمەتەکەی لەسەر ساغ بووبێتەوە، بێ ئەوەی هیچ حسابێک بۆ شکۆی مرۆڤ بکات.
سێشەممە (20ـی تشرینی یەکەمی 2026) لایەنی پەیوەندیداری ئەمنی، بە پیت ناوی ئەو دوو ڕاگیراوەی بڵاوکردەوە، کە تۆمەتی تەقەکردن لە ماڵێکیان دراوەتەپاڵ. بەشێک لە سەرچاوە هەواڵییەکان، بە تایبەت ئەوانەی نزیکن لە دامەزراوەکانی جێبەجێکردنەوە، کەوتنە بڵاوکردنەوەی وێنەی تۆمەتبارکراوێکیان و ناوی سیانی و پیشەکەیان بڵاوکردەوە.
کەسایەتیی گشتی
پێدەچێت ئەو سەرچاوە هەواڵیانە وایان مەزندە کردبێت، مادام کەسی تۆمەتبارکراو، کەسێکی گشتییە، ئیدی بۆیان هەیە ناو و وێنەی بڵاوبکەنەوە. ئەمە تێنەگەیشتنە لە سەرەتاییترین بنەمای یاسایی و ئیتیکی پیشەی میدیایی.
هەرچەند کەسایەتییەکە گشتیی بێت، ئەمە مانای ئەوە نیە، ناو و وێنەی وەک تۆمەتبار بەر لە سەلماندنی تۆمەتەکە و بڕیاری دادگا بڵاوبکرێتەوە، مەگەر لە دۆخێکدا بێت، کە تۆمەتەکە پەیوەندی بە بەرژەوەندی گشتییەوە هەبێت؛ نەک بۆ کێشەیەکی کەسیی یان کۆمەڵایەتیی ناو و وێنەی بزڕێنرێت.
ڕێسای یاسایی
ڕێسای چەسپاوی یاسایی ئەوەیە، "تۆمەتبار بێتاوانە، تا بە دەقێکی یاسایی و لە دادگایەکی دادپەروەرانەدا تۆمەتەکەی لەسەر ساغ دەبێتەوە". ئەم ڕێسایە پێویستە لە هەموو بنکەیەکی پۆلیس و ئاسایش و ناوەندێکی ئەمنیی تایبەت بە جێبەجێکردنی یاسا بنووسرێت، هەڵواسرێت و تەنانەت بە کارمەندەکانیشیان ئەزبەر بکرێت، بەدوایشیدا پێویستە هەموو میدیاکارێک ئەزبەری بکات، بۆ ئەوەی سنووری کاری خۆی بزانێت و جیاوازی بکات لە نێوان چی بڵاوبکاتەوە یان نەیکاتەوە.
شکۆپارێزی
- هەموو تۆمەتبارێک، مافی هەیە شکۆی بە پارێزراوی بمێنێتەوە.
- بڵاوکردنەوەی وێنەی تۆمەتبار و ناوی سیانیی پێشێلکارییەکی ئەخلاقییە بەرامبەر بە ماف و شکۆی تۆمەتبار.
- پێش بڕیاری دادگا، دامودەزگای ئەمنیی مافی شکاندنی کەسێتی تۆمەتباریان نیە، تەنیا دەسەڵاتی ڕاگەیاندنی هەواڵی دەستبەسەرییەکەیان هەیە.
حوکمدانی پێشوەختە
- بڵاوکردنەوەی ناو و وێنەی تۆمەتبار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەبێتە هۆی دادگاییکردنی لە ڕووی کۆمەڵایەتیی و میدیاییەوە، ئەمەش کاریگەری لەسەر ڕەوتی دادوەری دادەنێت.
- کەسوکاری تۆمەتبارکراو، لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی جیاکاری و فشاری دەروونی، کۆمەڵایەتی، ئابووری.. دەبنەوە.
- مەترسی هەیە دادگا بکەوێتە ژێر کاریگەری شەپۆلی چەواشەکارانەی تۆڕەکۆمەڵایەتییەکان.
- تۆمەتبار مافی هەیە بە تۆمەتی سوکایەتی، ناوزڕاندن، پێشێلکردنی مافی کەسیی سکاڵای یاسایی لەسەر هەموو ئەو کەناڵ و پەیج و سەرچاوە میدیاییانە تۆمار بکات، کە وێنە و ناوی سیانیان بڵاوکردووەتەوە.
لێکەوتەی لەسەر دەسەڵاتی جێبەجێکردن
بڵاوکردنەوەی دیمەنی ڕاگیراوان، نمایشکردنیان بۆ ڕایگشتی و دزەپێکردنی زانیاری لە بارەی ناو و پیشە و وێنەیان بۆ میدیا، لایەنی جێبەجێکاری یاسا ڕووبەڕووی لێکەوتەی پێچەوانە دەکاتەوە.
ئەگەرهاتوو لە دادگادا بەڵگەکان بڕیان نەکرد و تۆمەتبار بێ تاوان دەرچوو، ئەوا؛ ڕایگشتی متمانەی بەو دەسەڵاتی جێبەجێکردنە نامێنێت، بە دەستێکی ئەمینی نازانێت بۆ پارێزگاری لە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ژیانی گشتیی کۆمەڵگە. ئەگەریش هاتوو بەڵگەکان بەس بوون بۆ تۆمەتبارکردن و تۆمەتەکان سەلمێنران، ڕایگشتی باوەڕ بەوە دەهێنێت، ئەوەی ڕوویداوە پێشتر ئامادەکاری بۆ کراوە و هەر لە سەرەتاوە بڕیارەکە ئامادەکراو بووە.
AM:10:48:21/10/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه