رێکخراوی جاسەنە بۆ ئازادی بیروڕاو میدیا راگەیەندرا



سێ شەممە  ٢٢ ی حوزەیران لە هۆتێل هەولێری نێودەوڵەتی ( شیراتۆن ) رێورەسمی راگەیاندنی ڕێکخراوی جاسەنە بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە رۆژنامەوان و نوێنەری رێکخراوەکان و نوێنەرانی پەرلەمان و حکومەت بەڕێوەچوو.

لەو رێورەسمەدا کە ژمارەیەک رۆژنامەنووسی دیار و قونسڵ و نوێنەرانی پەرلەمان و حکومەت ئامادەبوون، نزار گزالی ئەندامی دامەزرێنەری رێکخراو، لە بری ئەندامانی بۆردی رێکخراو وتاری رێکخراوی" جاسەنە " ی خوێندنەوەو ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە " نزیکەی ساڵێک دەبێت ئەم گرووپە کە لە کەسانی بواری میدیایی پێکدێن، پرۆژەی پێکهێنانی رێکخراوێکمان لە بواری ئازادی کاری میدیایی و ئازادی بیروڕا و ئازادی لە بواری سۆشیال میدیادا گرتە ئەستۆی خۆمان، خۆشەبەختانە رۆژی ٦ ی ئایار ٢٠٢١ لە فەرمانگەی رێکخراوە نا حکومییەکان مۆڵەتی فەرمی ئەم رێکخراوەمان بە ناوی ( جاسەنە )وە وەرگرت".

لە بەشێکی تری وتارەکەی جاسەنەدا هاتوووە" جاسەنە، هەوڵدەدات هەر رێکخراوێک نەبێت بۆ نمایشکردن و پێشاندانی هەڵوێست و بەیاننامە بڵاوکردنەوەو، بەڵکو ڕێکخراوێک بێت کە بچێتە بنجو بناوانی کێشە میدیایی و کەلتوری و یاساییەکانەوەو، لەبەر رۆشنایی پێودانگە نێو دەوڵەتییەکانی بواری ئازادی بیرڕوا و ئازادی میدیا دەست بخاتە سەر کەموکوڕییەکان و، دوای دەستنیشانکردنی قوڵی کێشەکان و نیشاندانی رێگا چارە، دامەزراوە پەیوەندیدارەکان و رای گشتی خەڵکی کوردستانی لێ ئاگادار بکاتەوە".

نزار گەزالی وتیشی" ئێمە دۆخی ئازادی لە کوردستاندا بەشێوەیەکی گشتی بە دۆخێکی پۆزەتیڤ ناوزەد ناکەین و سەرباری هەبوونی چەند یاساییەکی بواری رۆژناگەری " مەقبول "، بەڵام دۆخەکە لە خراپیدا ئێرەیی پێنابرێت و مەترسی خراپبوونی زیاتریش لێدەکرێت، لەمەدا ئەگەر دەسەڵاتی کوردی بەرپرسی یەکەم بێت لە تێکچوون و پاشەکەشی دۆخی رۆژنامەگەری لە کوردستاندا، کەمیش نین ئەو حاڵەتانەی کە کاری رۆژنامەگەری ئێمەش پێویستی بە چاوخشانەوەو هەڵوێستە کردن هەیە، جاسەنە هەر وەک چۆن هەوڵدەدات داکۆکی لە ئازادی بیروڕاو ئازادی سۆشیال میدیاو ئازادی رۆژنامەگەری بکات، هاوکات هەوڵدەدات بەشداربێت لە پڕکردنەوەی ئەو کەلێنانەی لە ژیانی رۆژناگەری ئێمەدا لە رووی پیشەیی و ئێتیکی رۆژنامەوانییەوە هەیە".

ناوبراو ئەندامانی بۆردی رێکخراوەکەی بە بەشداربووان ناساند کە پێکهاتوون لە ( عەبدولکەریم عەلی، ئەحمەد موفتی، نزار گەزالی، کامیل عومەر، عەبدولحەمید زێباری، شوان محەمەد ).

لە بڕگەیەکی تری رێورەسمەکەدا، بارزان ئەکرەم مەنتک سەرۆکی فەرمانگەی رێکخراوە ناحکومییەکان لە میانەی وتارێکدا باسی گرنگی ڕێکخراوە ناحكومییەکانی لە کۆمەڵگای کوردیدا کردو سیاسەتی حکومەتی هەرێمی لەو بوارەدا روونکردنەوە.

دواتر راوێژکاری پەرلەمان، تاریق جەوهەر وتاری لیژنەی رۆشنبیری پەرلەمانی خوێندوەو باسی لەو پرۆژە یاسایانەی تایبەت بەبواری میدیا کرد کە سەرقاڵی ئامادەکردنینی بۆ پەرلەمانی کوردستان.




ئه‌م بابه‌ته 480 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌


PM:03:56:23/06/2021